"چاوەزارێکم بەرێ، منداڵەکەم بووە بە چاوەوە"
فرۆشیارێکی چاوەزار: هیچ ئەسڵی نییە و خوا ئەمانپارێزێت
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
گەنجێکی کاسبکار دوکانەکەی لە بازاڕی سلێمانی پڕکردووە لە کوژەکە و چاوەزار، بەڵام باوەڕی پێی نییە و دەڵێت، ئەسڵی نییە و تەنیا بۆ جوانیە.
لە کۆنەوە واباوە ئەم رەنگە شین و چاوە، بۆ پاراستن یان گێڕانەوەی بەڵا بەکاردێت، جا بە جوانکاری ناوماڵ بێت، یان ملوانکە و گوارە و بابەتی خانمان و چەندین شێوازی تر، دوکاندارێکیش هەرچی جۆرەکانی چاوەزارە کۆیکردووەتەوە لە دوکانەکەی و خانمان و پیاوانیش سەردانی دەکەن.
بڕوا ناسیح خاوەنی دوکانەکەی و چیرۆکێکی سەیر دەگێڕێتەوە و دەڵێت، رۆژێک پیاوێکی بەتەمەن هاتووەتە دوکانەکەم و وتویەتی چاوەزارێکم بەرێ، منداڵەکەم بووە بە چاوەوە، بەڵام لە وەڵامدا پێم وت، نە خۆت و نە منیش گوناهبار مەکە، چاوم هەیە بەڵام زارم نییە.
پەیامنێر لەناو دوکانەکەیە و جۆرەها بابەتی جیاوازمان نیشان دەدات و یەکێکی تریش کەلوپەلە سەرنجڕاکێشەکان پێڵاوی لاستیکی قەدیمە کە زۆر باویەتی، وەک باسی دەکات بۆ وێنەکەیش بێت خانمان دەیکڕن.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح