ئەوەی پێویست بوو وترا

کونسوڵی هۆڵەنداو میدکارانی خۆمان گفتوگۆیەکی گەرموگوڕیان پێکەوە کرد

ژووری هەواڵ
لە هەولێر میدیاکاران و کونسوڵی هۆڵەندا گفتوگۆیەکی چڕوپڕیان کرد لەسەر بارودۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستان، هەم میوان و هەم پێشوازیکار قسەی دڵی خۆیان لەسەر وەزعەکە کرد.

ئەمڕۆ 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییە، جا ئەم دەرفەت بوو بۆ ئەوەی کونسوڵخانەی هۆڵەندا بانگهێشتی کەناڵە دیارەکانی کوردستان بکات، 964 یەکێک بوو لە میوانەکان.

لەلای کونسوڵخانەوە ئادریان ئایسڵستاین، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و بێرتریل سنۆییەر، جێگری كونسوڵی گشتی و ستافی باڵای كونسوڵخانە ئامادەبوون، لەلایەکەی دیکەشەوە نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندنبوون.

کونسوڵی هۆڵەندا بۆ پێشوازی میوانەکانی قسەیەکی هەبوو، ئەو وتی وڵاتەکەی پشتگیرییەکی باشی ئازادی رادەربڕینەو حەز دەکات لە هەرێمی کوردستان هەموو کارئاسانییەک بۆ رۆژنامەنووسان بکرێت و لە کارو قسەیاندا ئازادبن.

هەریەک لە نوێنەری دەزگاکان ئەوەی پێویست بوو لەسەر وەزعی میدیا لە هەرێمی کوردستان وتیان.

توانا نەقی، پێشکەشکارو سەرنووسەر لە ژووری هەواڵ، نوێنەری تۆڕی 964 بوو لە دانیشتنەکە، جگە لە باسکردنی شێوازە دانسقەکەی کاری 964، سەرنجی لەسەر ئەوە دەربڕی کە کارانەکردنی مافی دەستخستنی زانیاری دەست و پێی رۆژنامەنووسانی بەستووەو وایکردووە بە ئاسانی دەستیان نەگات بە چیرۆکە تەواوەکە.

رۆژی 3ی ئایاری 1991 کۆمەڵێک رۆژنامەنووس لە شاری ویندهۆکی پایتەختی نامیبیا کۆبوونەوەو راگەیەندراوێکیان دەرکرد بەناوی (راگەیەندراوی ویندهۆک) بۆ ئازادی رۆژنامەگەری، ئیتر یونسکۆ بڕیاریدا ئەو رۆژە بکاتە رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری و هەموو ساڵێک یاد بکرێتەوە.