هندرێن بە یەک گۆڵ لە پێرسی بردەوە
964+
هێژا خەسرەو – هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تازە پێگەیشتووانی یانەی هندرێن لەسەر ئەنجامە باشەکانیان بەردەوام بوون، ئەمجارەش لە ناو یاریگای خۆیاندا بردیانەوە.
یانەی هندرێن لە گەڕی کۆتایی خولی تازەپێگەیشتووانی کوردستاندا ئەنجامەکانیان باشن و ئەمجارەش لەناو یاریگای خۆیاندا و لە ئەرکێکی زەحمەتدا بە تاکە گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی تازەپێگەیشتووانی پێرس-یان بردەوە.
تاکە گۆڵی سەرکەوتنی یارییەکەش لە گێمی یەکەمدا لە رێگەی یاریزان هۆشیار ئیدریس تۆمارکرا، لە یارییەکەدا رووداوێکی نەخوازراو هەبوو کاتێک دوو یاریزان سەریان بەریەکتری کەوت، دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕانەوە ناو یاریگا و درێژەیان بە یاریکردن دا.
هەندرێن یارییەکەی بردەوە و بژار شاکری راهێنەریش لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی، دەمانزانی ئەم یارییە زەحمەتە و تووشی کێشە دەبین، بەڵام یاریزانەکانم بەپێی پلانەکانم یارییان کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە سەرکەوتنێکی گرنگ لە یارییەکەدا بەدەستبهێنین.
راهێنەری هەندرێن بیری لەلای یارییەکانی داهاتووە، ئەو ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لەسەرمانە ئێستا بیرمان لای یاری داهاتوومان بێت و پلانی ئەوە داڕێژین کە چۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنین و لەسەر ئەنجامە باشەکانمان بەردەوامبین.
هەولێر و هندرێن بردنەوەیان تۆمار کرد
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا