لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران
رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال گردبوونەوە و داوای موچە دەکەن
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
زیاتر لە 100 کەس لە رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال کە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر گردبوونەوە و داوا دەکەن موچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
لە هەر یەک لە شارەکانی هەڵەبجە، گەرمیان، چەمچەماڵ و سەنگاوەوە کۆبوونەتەوە و بەپاسێک تا بەردەمی ئەنجومەنی وەزیران هاتوون و گردبوونەتەوە و دەڵێن هەتا وەڵامێکی کرداریمان نەدەنەوە ناگەڕێینەوە.
محەمەد قادر کەسوکاری ئەنفالە و بەشداری گردبوونەوەکەی کردووە و بۆ 964 وتی، ئێمە وەکو رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال ماوەی 15 ساڵە ناسنامەی تایبەتمان بۆ کراوە و تاوەکو ئێستا هیچ ئیشێکی پێ ناکرێ و هیچ موچەیەکمان نییە، بەشێک لە ئێمە لە هەموو مافێک بێبەشن و تەنانەت منداڵەکانیشیان لە خوێندن بێبەشن
مەحمەد عەلی نوێنەری گردبوونەوەکەیە و دەڵێت، ئەو کەیسەی ئێمە وەکو نەخۆشییەکی مودمینی لێ هاتووە، دەمانەوێ هاوتای موچەکانمان بخرێتە سەر بەغدا.
دەشڵێت، بەغدا دەڵێت لاریمان نییە، بەڵام چاوەڕێی کۆنووسێکین لە هەرێمەوە پێمان بگات و هەرێم تا ئێستا نەیناردووە هاتووین بڵێین بۆ ناینێرن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر