شەش مانگە هیچ نەخۆشێكی کۆرۆنا لە دهۆک لە نەخۆشخانە نەخەوێندراوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە دهۆک ماوەی شەش مانگە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە نەماوە، هەر نەخۆشێک چووبێتە نەخۆشخانەکانی دهۆک پێویستی بە مانەوە نەبووە و نێردراوەتە ماڵەوە.
د. ئەفراسیاب موسا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک بە 964+ـی راگەیاند؛ ماوەی پێنج بۆ شەش مانگە هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە نەماوەو لە کۆی سێ نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا تەنیا یەک دانەیان ماوەتەوە.
نەخۆشخانەی سووتان، کە پێشتر تەرخانکرا بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بە فەرمانی پارێزگاری دهۆک نوژەن دەکرێتەوە و نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوەو هەفتەیەکە کاری تێدا دەکرێت.
“سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نەخۆشخانەی سووتانمان تەرخانکرد بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەخوشخانەی سووتانیشمان گواستەوە بۆ نێو باڵەخانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەرۆشکێ،” د. ئەفراسیاب موسا وای وت.
دوای زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە شەپۆلی دووەم، تەندروستی دهۆک دوو نەخۆشخانەی دیکەی تایبەت کرد بە کۆرۆنا کە ئەوانیش نەخۆشخانەی لالاف و بەشێکی نەخۆشخانەی ئازادی بوون.
بە وتەی بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆک، رێژەی مردن بە کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای دهۆک ٢٪ بۆ ٣٪ بووە و زیاتر لە هەزار کەس لە سنووری پارێزگاکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.