ئاوەکە بکوڵێنن
دەرکەوت ئاوی سیتیەکان خاوێن نییە و کۆلێراش لە هەڵکشاندایە
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، لە هەر شوێنێک ئاوی بیر و ئاوی تانکەر تێکەڵی ئاوی میری بوو نابێت ئاوەکە بێ کوڵاندن بخورێتەوە، ئەم وەسفەی تەندروستی زۆربەی هەرە زۆری سیتی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
د. رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی بە 964ـی وت، تا ئەمڕۆ 160 حاڵەتی سکچوون و رشانەوەی قوورس لە سلێمانی تۆمارکراوە، بە پێی ئەم لێکدانەوەیەش بێت تەنیا لە ماوەی شەش رۆژدا 43 حاڵەتی نوێی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراوە، واتە بۆ هەر رۆژێک سەروو حەوت حاڵەت دەکات.
رۆژی 7ی ئەم مانگە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانییەوە رایگەیاند، 117 حاڵەتی کۆلێرا تۆمارکراوە، ئەوەتا ئەمڕۆ ژمارەکە بووەتە 160.
وەزیری تەندروستی: 117 حاڵەتی کۆلێرا لە سلێمانی یەکلایی کراونەتەوە
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، لە هەر شوێنێک ئاوی میری تێکەڵی ئاوی بیر و ئاوی تانکەر بوو، نابێت بە بێ کوڵاندن بخورێتەوە، پەیامنێری 964 لێی دەپرسێت ئەی سەرچاوەی ئاوی یەکەکانی نیشتەجێبوون چییە؟ د. رزگار عەلی نایشارێتەوە کە ئاوی میری بەشی یەکەکانی نیشتەجێبوون ناکات، بۆیە تێکەڵی ئاوی بیر و ئاوی تانکەر دەکرێت، بەم حیسابەش بێت لەم بارودۆخەدا ئاوی سیتی و کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون بەبێ کوڵاندن لەبار نین بۆ خواردنەوە.
سەوزە و ماستاو لە چێشتخانەکانی سلێمانی قەدەغەیە
د. رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی بە وردی بۆ 964ـی باسدەکات، کە چییان کردووە بۆ رێگرتن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا و لە قسەکانیدا هەم رێوشوێنەکان باس دەکات و هەم رێنماییەکانی بۆ خەڵک، لەوانە:
- خەڵکی تەنیا ئاوی بتڵکراو بەکار بهێنن بۆ خواردنەوە.
- ئاوی بەلوعە خاوێنە بە مەرجێک تێکەڵی ئاوی تانکەر و بیر نەکرابێت.
- سەوزەی نەکوڵاو قەدەغەیە.
- لە عەلوەکان تەنیا ئەو سەوزانە وەردەگیرێت کە بە ئاوی خاوێن ئاو دراون.
- تەقیگەی تایبەت لە عەلوەکان دانراوە.
- سەوزە باش بشۆنەوە بە ئاو و خوێ یان پەرمەنگەنات.
- دۆی کوردی قەدەغە کراوە.
- ئایسکرێم و شەربەت و ئەو بەرهەمانەی ئاوی تێدایە دەبێ تەنیا بە ئاوی بتڵ بەرهەم بهێنرێن.
- هەموو شەمعە نافەرمییەکان دابخرێن.
- تانکەرەکان ئاو لە شەمعە فەرمییەکان وەربگرن و ژمارە تەلەفۆنی لەسەر بێت و لەسەر تانکەرەکان نووسرابێت شیاوە بۆ خواردنەوە.