200 ملیار دۆلار زیانى کەنداوە

لە جەنگەکە؛ قەتەڕ و عێراق زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە

964+
وریا فەتاح
سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) لە نوێترین راپۆرتی “ئاسۆی ئابووری جیهان”دا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکرایەوە، هۆشدارییەکی توند دەدات لە تێکچوونی باری ئابووری وڵاتانی ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، ئاشکراشى کردووە کە وڵاتانى کەنداو 200 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کاریگەرییەکان بەپێی وڵاتەکان دەگۆڕێت، بەڵام قەتەر و عێراق لە لوتکەی ئەو وڵاتانەن کە گەشەی ئابوورییان پاشەکشەی گەورەی کردووە.

قەتەر و عێراق؛ گەورەترین زیانمەندەکان

قەتەر:

سندوقەکە پێشبینی دەکات ئابووری ئەم وڵاتە بە رێژەی 8.6% پاشەکشە بکات. هۆکاری سەرەکی بۆ وەستانی دامەزراوەی “رەئس لەفان” دەگەڕێتەوە (گەورەترین دامەزراوەی گازی سروشتی لە جیهاندا) کە لە سەرەتای ئازارەوە بەهۆی هێرشی موشەکی ئێرانەوە لەکارکەوتووە.

عێراق:
پێشبینی دەکرێت ئابووری عێراق بە ڕێژەی 6.8% پاشەکشە بکات. هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاردا بە ڕێژەی 81% کەمی کردووە، ئەمەش گورزێکی کوشندەیە بۆ وڵاتێک کە بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.

سعودیە بەرگەى شۆکەکەى گرتووە

سعودیە:
توانیویەتی تا رادەیەکی باش بەرگەی شۆکەکە بگرێت. هەرچەندە پێشبینی گەشەکردنی بۆ 3.1% کەمکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی هێڵی بۆری “رۆژهەڵات-رۆژئاوا” بۆ دەریای سوور، توانیویەتی هەناردەی نەوتەکەی بەردەوام بکات و خۆی لە گەرووی هورمز (کە بەڕووی کەشتیوانیدا داخراوە) رزگار بکات.

ئیمارات و کوەیت و بەحرەین لە زیاندان

ئیمارات و گوەیت:
گەشەی ئابووری بۆ 3.1% دابەزیوە، ئەمەش دوای ئەوەی دامەزراوەکانی وزە و بەندەری فوجەیرە کەوتنە بەر هێرشی موشەکی و درۆنەکانی ئێران.
کوێت و بەحرەین: هەردوو وڵاتەکە رووبەڕووی گرژبوونی ئابووری دەبنەوە (کوێت 0.6% و بەحرەین 0.5%).

عومان وەزعى باشە

تاکە وڵاتی ناوچەکەیە کە بەرزترین گەشە تۆمار دەکات بە رێژەی 3.5%، چونکە کەمترین کاریگەری جەنگەکەی لەسەر بووە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە 28ی شوباتەوە، ئێران چەندین شار و فڕۆکەخانەی لە سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوێت، ئوردن و هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووەتە ئامانج. نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشبینی دەکات زیانە ئابوورییە گشتییەکانی وڵاتانی عەرەبی بەهۆی ئەم جەنگەوە بگاتە 200 ملیار دۆلار.