له‌ 40 غه‌ساله‌ ته‌نیا پێنجیان ماوه‌

خاوه‌ن غەسالەکانی چەو و لمى پشده‌ر هاواریان لێ هه‌ستاوه‌ 

964+
محه‌مه‌د عه‌لى – پشده‌ر

خاوه‌ن غه‌ساله‌كانى چه‌و و لم له‌ پشده‌ر به‌هۆى وه‌ستانى كاره‌كانیان هاواریان لێهه‌ستاوه‌ و ده‌ڵێن، حكومه‌ت هیچ هاوكاریان ناكات و ئه‌گه‌ر كاریش بكه‌ن جارى واهه‌یه‌ ناتوانن پاره‌ى گاز و كرێكاره‌كانیشیان دابین بكه‌ن.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964 لە كۆى 40 غەسالەی چەو و لم له‌ سنوورى پشده‌ر، ئێستا ته‌نیا پێنج غه‌ساله‌ كارده‌كه‌ن و بەرهەمەکەشیان جگە لە ناوخۆ بۆ شارەکانی دیكه‌ش ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

حەسەن مەحمود، خاوەنی غه‌سالەیه‌كه‌ له‌و سنووره‌، بە 964ـی وت، زیاد لە 10 ساڵە ئه‌و كاره‌ لەسەر زێی بچوک ده‌كات به‌ڵام هیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ دۆخیان خراپ نەبووە.

وتیشی “چەند مانگێک بوو کارکردنمان راگرتبوو چونکە پارەی مەسرەفی گاز و کرێکارمان دەست نەدەکەوتەوە هەفتەیەک دەبێت ده‌ستمان پێکردۆتەوە بەڵام بازاڕمان زۆر خراپە “.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ساڵانە پێویستە مۆلەت تازە بکەنەوە و بۆ ئەمەش جاران سێ ملیۆن دیناریان داوه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ى خۆى، ئێستا 10 ملیۆن دیناریان لێوەردەگرن، جگه‌ له‌وه‌ش پارەی ساڵانە نزیکەی 130 وەرەقەیه‌ ده‌داته‌ موڵکانەى شوێنه‌كه‌ى.
ده‌ڵێت “به‌هۆیه‌وه‌ زۆربه‌ى خاوه‌ن غه‌ساله‌كان وازیان له‌كاركردن هێناوه‌”.

جەبار محەمه‌د، خاوەن بارهەڵگرە، لە یەکێک لە غەسالەکانی پشدەر بە 964ـی وت، خەڵکێکی زۆر بەهۆی داخرانی غەسالەکانەوە بێکار بوونە، ئێستا ئه‌گه‌ر رۆژێك كاریان هه‌بێت سێ رۆژ بێكار ده‌مێننه‌وه‌.
ئه‌و شۆفێره‌ داوا له‌حكومه‌ت ده‌كات، باج و رسوماتیان له‌سه‌ر کەمبکەنەوە یان هاوکاریان بکەن لە رووی گاز و سوتەمەنییەوە، چونكه‌ ده‌ڵێت “ئاوا بروا ئەوانەی لە کاریشدان ئیفلاس دەکەن”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن