بریندارێکیش هەیە

دهۆک؛ بەهۆی شۆرتی کارەباوە دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا

سیداد حەبیب- دهۆک

ئێوارەى ئەمڕۆ لە گەڕەکی ماڵتایێی شاری دهۆک، بەهۆی شۆرتی کارەباوە لەناو باڵەخانەیەکدا، دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و خاوەنی باڵەخانەکەش بریندار بوو.

سەرچاوەیەک لە تەندروستى دهۆک، بە 964ـى راگەیاند، ئەو دوو کرێکارەی گیانیان لەدەستداوە دانیشتووی قەزای سێمێلن و لە کاتی کارکردندا لە باڵەخانەیەکی گەڕەکی ماڵتایێ تووشی ئەو رووداوە بوون. تەمەنی یەکێک لە کرێکارەکان نزیکەی 30 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 59 ساڵە.
لە رووداوەکەدا خاوەنی باڵەخانەکەش بریندار بووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان باری تەندروستی جێگیرە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.
کێڤی بامەڕنی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی لە پارێزگای دهۆک، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بۆ 964، ئاماژەی بە ئامارێکی مەترسیدار کرد و رایگەیاند: “لەمساڵدا تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک، 5 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 3 کرێکاری دیکەش بریندار بوون.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح