بۆ گیای بەهارە چووە

بە هۆی تەقینەوەی مینێک لە شاخێکی هەورامان گەنجێک بریندار بوو

964+

ئەمەل ناجی – هەورامان

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاخی شرام لە هەورامان مینێک بە گەنجێکدا تەقیوەتەوە و بە سووکی برینداری کردووە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان گەنجەکە دانیشتووی ناحیەی بیارەیە و  بە مەبەستی  کۆکردنەوەی گیای بەهارە چووەتە ئەو شاخە و تیمەکانی تەندروستی کە هەواڵی بریداربوونەکەیان پێگەیشتووە بەرەو شوێنی رووداوەکە رۆشتوون، بەڵام تاوەکو ئێسا نەگەڕاونەتەوە.

نوێکردنەوە لە کاتژمێر 7:25 خولەک:

فەرحان حەمەخان، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندرووستی هەڵەبجە بە 964ـى وت:” دوای ئاگادارکردنەوەی نەخۆشخانەی گشتی هەورامان بە هەبوونی رووداوێکی تەقینەوەی مین لە شاخی شرام لە پشت گوندی گەچێنە، بە دیاریکراوی لە کەلی ئایشێ، کە بە گەنجێکدا تەقیوەتەوە و برینداریکردووە، تیمەکانی نەخۆشخانەکە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە”.

بە وتەی فەرحان حەمەخان، گەنجەکە ناوی سامی قائیدە، تەمەنی 18 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی بیارەیە، و تەنیا برینی سووکی لە دەست و دەموچاویدا هەیە و دۆخی تەندرووستی جێگیرە.

“دوای چارەسەری سەرەتایی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی هەورامان لە بیارە”، فەرحان حەمەخان واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دەزگای مینی هەولێر هەفتەیەک لەسەر شەقامەکان هۆشیاری ب...

دەزگای مینی هەولێر هەفتەیەک لەسەر شەقامەکان هۆشیاری بڵاودەکەنەوە