هێرشى موشەکى بەردەوامە
دەستپێکی مێژوویی؛ باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بە راستەوخۆ کۆبوونەوە
964+
وریا فەتاح
لە وەرچەرخانێکی سیاسیی گەورەدا، دوای دەیان ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکان، باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە.
سەرۆکی لوبنان گەشبینی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و هیوای خواست ئەم دانوستانە ببێتە “سەرەتای کۆتایی هاتنی ئازارەکان”ی گەلی لوبنان. لای خۆشییەوە، مارکۆ رۆبیۆ ئەم کۆبوونەوەیەی بە “دەرفەتێکی مێژوویی” ناوبرد بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە گەلانی هەردوو وڵات لە ئارامیدا بژین.
لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، دۆخی مەیدانی بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا دەچێت، چونکە تەنیا لە چەند کاتژمێری رابردوودا، حزبوڵا رایگەیاندووە کە وەک وەڵامێک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان، بە موشەک هێرشی کردووەتە سەر 13 ناوچەی جیاواز لە باکووری ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوە کە ئەگەری هەیە حزبوڵا لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکان، هێرشەکانی زیاتر بکات بۆ تێکدانی کەشی دانوستانەکان.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە جەختی کردەوە کە تەنیا دەوڵەتی لوبنان خاوەنی مافی بڕیاردانە لە دانوستانەکاندا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکە لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا.