نەخۆشخانەی گوڵانی ئاکرێ دەردەکەوێت. وێنە:964
ساڵێکە دەرگای ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەی ئاکرێ بەیانیان ناکرێتەوە
زەید کۆچەر – دهۆک
لە نەخۆشخانەی ئاکرێ ماوەی ساڵێکە بەیانیان دەرگای ژووری نەشتەرگەری داخراوە و بەڕێوەبەری تەندروستی ئەو قەزایە دەڵێت، جارێک بەهۆی نۆژەنکردنەوە رێکارەکانی کردنەوەی دواکەوت، بەڵام ئێستا دکتۆری سڕکردنمان نییە.
هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی گوڵانی ئاکرێ لە 5.9.2022 دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی، بەڵام ئێستا کاری نۆژەنکردنەوەکەی تەواو بووە و دکتۆری سڕکردنی نییە، هاوڵاتیان ناچارن لە بەشی ئێوارانی نەخۆشخانەکە و بەپارە نەشتەرگەری بکەن.
د.سەروار شێخ موسلیح، بەرێوبەری تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت، ماوەی ساڵێکە رێکخراوی giz-ی ئەڵمانی ئەو هۆڵەی نۆژەنیدەکردەوە، 20 رۆژ بەر لەوەی کارەکانی تەواو بێت دکتۆری سڕکردن لە نەخۆشخانەکە نەما و چەند دکتۆرێک هەبوو ئەوان کارەکانیان گواستەوە.
964 پرسیاری ئەوەی کرد، بۆچی دکتۆری سڕکردن بۆ ئێواران هەیە کە نەشتەرگەرییەکان بە پارە دەکرێن، بەڵام بۆ بەیانیان نییە؟ بەرێوبەری تەندروستی ئاکرێ دەڵێت، “ئەو دکتۆرانەی ئێواران دێن، بە هاوڕێیەتی داوامان لێکردوون بێن، بە دوو نەخۆشخانە لە ئاکرێ سێ پزیشکی سڕکردنمان هەیە و بەوە راناگەن بەردەوام لە نەخۆشخانە بن”.
بەوتەی د.سەروار موسلیح، ئێواران تەنیا نەشتەرگەری شکانی ئێسک و ریخۆڵە کوێرە دەکرێت.
هاوڵاتیانی ئاکرێ نزیکەی ساڵێکە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەبێت بچن بۆ پارێزگای دهۆک، بەرێوبەری تەندروستی ئاکرێ دەڵێت لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەین.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی