هەواڵ
گورگ پەلاماری دانیشتووانی گوندێک دەدات
964+
محەمەد عومەر
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی نەوێی سەر بە ناحیەی خورماڵ گورگ پەلاماری هاوڵاتیەکی داوە و بە سەختی برینداری کردووە، بە قسەی ئەنجومەنی گوندەکە.
گوندی نەوێ دەکەوێتە بناری شاخی سورێن لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە.
محەمەد ئەحمەد ئەنجومەنی گوندەکە بە 964ـی وت، “رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە کە من وەک شایەتحاڵ چووم بەدەم کەسەکەوە، کە ناوی حوسێن حەمە شامەیە، لەو ساتەدا گورگەکە هەڵهاتبوو، بەڵام برنیدارەکە دەم و چاوی زۆر ئەزیەتی پێگەیشتبوو، خوێنی زۆری لێ دەڕۆشت و بەپەلە گەیاندمانە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق”.
964 پەیوەندی کرد بە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، کارمەندی ئێشگر ئاراس محەمەد وتی، کەسەکە تەمەنی 55 ساڵان بووە و دەم و چاوی بە سەختی بریندار بووە لەگەڵ قۆڵێکی، کە شکابوو.
وتیشی، “ئێمە کاری پێویستمان بۆ کرد و رەوانەی نەخۆشخانەی شارمان کرد لە سلێمانی”.
هاوکات دەنگۆ هەبوو گورگ هێرشیان کردبێتە سەر هاوڵاتیەکی دیکە لە سنووری قەزای سەیدسادق، بەڵام نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بە 964ـی وت، ئەو کەسەی دیکە سەگ پەلاماریداوە و تەنیا یەک حاڵەتی پەلاماری گورگ هەبووە.