خوێندنی شەوان لە ناحیەی ئاغجەلەر دەکرێتەوە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

بڕیارە بۆ ئەم ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 خوێندنی شەوان بۆ ئەو خوێندکارانەی لە خوێندن دابڕاون لە ئاغجەلەر بکرێتەوە.

تا ئێستا 80 خوێندکار ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی لە خوێندنی شەو درێژە بە خوێندن بدەن.

ئێستا لە ناحیەکانی شۆڕش و تەکیەی کاکەمەند، خوێندنگەی تایبەت بە خوێندنی شەوان هەیە، پەروەردەی چەمچەماڵ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی خوێندنگەی شەوان لە شوێنە جیاواز و دوورەدەستەکاندا.

عەبدوڵا حەمە بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، چەند گەنجێک ژمارەیەک ناویان بۆمان هێناوە لە رێگەی ناحیەی ئاغجەلەرەوە، ئێمەش بە نووسراو داومانە بە بەشی ئەزموونەکان لە بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ پێداچوونەوە و وردبینی بۆ ناوەکانیان.

وتیشی، دوای تەواوکردنی رێژەی یاسایی، ناوەکان دەنێرین بۆ پەروەردەی سلێمانی و خوێندنی شەوانیان بۆ دەکەینەوە، ئێمەش دەزانین ناحیەی ئاغجەلەر شوێنێکی دوورەدەستە، بۆیە داوا لە گەنجان و ئەوانەی دابڕاون لە خوێندن دەکەین، بێن ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی تەواو بێت لە ناحیەی ئاغجەلەر و خوێندنی شەوان بکەینەوە.

تا ئێستا نزیکەی 80 خوێندکار ناوی خۆیان تۆمارکردوە و زۆربەیان خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی و ناوەندین.

پێداچوونەوە: توانا نەقی