ژنانی قامیشلۆ ترسیان لێ نیشتووە
لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی باس لە ترسی لەدەستدانی دەستکەوتەکانی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان دەکات
فەرهاد حەسەن
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدراوە، ژنانی قامیشلۆ ترسیان لێنیشتووە و تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوون بەرامبەر بە پاشەڕۆژی مافەکانیان.
بەپێی توێژینەوەکە، کە لەلایەن “ناوەندی رۆژئاوا بۆ توێژینەوەی پاراستنی مافەکانی ژن و منداڵ” لە شاری قامیشلۆ و دەوروبەری ئەنجامدراوە، قەیرانی ئابووری، گۆڕانکارییە سیاسی و یاساییەکان و ململانێ چەکدارییەکان، وەک زنجیرەیەک کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی ژنان دروستکردووە.
توێژینەوەکە ئەساڵ ئەنجامدراوە و تێیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەی هەزار ژن کراوە لە گەڕەکە جیاوازەکانی قامیشلۆ لەوانەش جودی، هەلیلیە، قەدۆربەک، عەنتەریە، کۆرنیش و ئەربەویە، ئامانج لێی گوێگرتن بووە لە کێشە و گرفتی رۆژانەی ژنان لە سایەی گۆڕانکارییە نوێیەکانی سوریادا.
زۆربەی ئەو ژنانەی بەشدارییان کردووە، پێیانوایە کۆمەڵگە گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتیش دوای رووداوە سیاسییەکانی ساڵی رابردوو و گۆڕانی دەسەڵات لە سوریا، هەستێکی نادیار لای ژنان دروست بووە و بەشێکی زۆری ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گۆڕانکارییانە وایکردووە هەندێک لە پیاوان هەست بە ئارامی بکەن، لە بەرانبەردا ژنان هەست بە نائارامی و ترسی لەدەستدانی مافەکانیان دەکەن.
ترسی ژنان لەوەیە کە ئەو دامەزراوە و رێکخراوانەی کە لە ساڵانی رابردوودا بۆ پاراستنی ئەوان دروست بوون وەک ماڵی ژن و یەکەکانی ئاسایشی ژنان، لاواز ببن یاخود نەمێنن، چونکە دەڵێن ئەم دامەزراوانە رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە رێگریکردن لە توندوتیژی.
توێژینەوەکە دەڵێت، ساڵی 2014 خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ مافەکانی ژن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەو پێیەی “یاسای ژن” دەرچوو و مافی یەکسانی چەسپێنرا، بەڵام ئێستا ژنان دەترسن جارێکی دیکە دیاردەکانی وەک فرەژنی، هاوسەرگیریی پێشوەختە و بێبەشبوون لە مافە یاساییەکان لە ناو خێزاندا، سەرهەڵبدەنەوە.
بەپێی داتاکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 240 کێشە و داواکاری گەیشتووەتە ماڵەکانی ژن لە قامیشلۆ و109 کێشە بە رێکەوتن چارەسەر کراون.
30 دۆسیە رەوانەی دادگا کراون و زۆربەی کێشەکانیش کە 130 حاڵەت بووە پەیوەندییان بە ململانێی نێوان ژن و پیاو و توندوتیژیی خێزانییەوە هەبووە، تەنیا پێنج حاڵەتی فرەژنی تۆمارکراوە، کە بەراورد بە ساڵانی پێش 2014 رێژەیەکی زۆر کەمە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی داهاتی سەربەخۆ، وایکردووە ژنان زیاتر پشت بە پیاوان ببەستن، ئەمەش وای لێکردوون نەتوانن لەو ماڵانە بێنە دەرەوە کە تێیدا رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
لە رووی سیاسیشەوە، ژنان نیگەرانن لەوەی کە تەنیا 21 کورسییان هەیە لە کۆی 210 کورسیی پەرلەمانی ئێستای سوریا، ئەمەش بە نیشانەیەک دەبینن بۆ کەمبوونەوەی دەنگی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان کە داهاتووی وڵاتی تێدا دیاری دەکرێت.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە توندوتیژی دژی ژنان تەنیا پەیوەندی بە ناو ماڵەوە نییە، بەڵکو گرێدراوی بارودۆخی گشتیی وڵاتە، بەڵام دەڵێت، ژنانی قامیشلۆ تەنیا لە توندوتیژی ناترسن، بەڵکو گەورەترین ترسیان لەدەستدانی ئەو دەستکەوتە یاسایی و کۆمەڵایەتییانەیە کە لە 10 ساڵی رابردوودا بە خەبات و قوربانیدان بەدەستیان هێناوە.