نزیکەی 120 ئۆتۆمبێل سووتاون

فریای فیول پەمپی ئۆتۆمبێلەکانتان بکەون

+964
دیلان محەمەد جەزا

ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆرە فیول پەمپی ئۆتۆمبێلەکانیان پاک نەکردووەتەوە، مەترسییان لەسەرە و ئەگەری زۆرە بە هۆی گیرانەوە ببێتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەکانیان.
ئاکام ناسیح ئەندازیاری میکانیکی بە 964 وت، فیول پەمپ فلتەر و سترێینەری لەسەرە، بەهۆی بەنزینی پیسەوە دەگیرێن، بۆیە پێویستە هەر 30 هەزار کیلۆمەترێک یەگەر کێشەشی نەبوو، بکرێتەوە و پاک بکرێتەوە.
کاتێک ئەو فلتەر و سترێینەرە دەگیرێت فیول پەمپ توانای ناردنی بەنزینی نابێت و پەستانی دەکەوێتە سەری و سەر کارەباییەکەی، هەندێکجار دەبێتە هۆی توانەوەی وایەرەکانی و شۆڕت دەکات لەناو تانکی بەنزیندا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، ئەمە قسەی ئەو ئەندازیارەی میکانیکە.

بە پێی ستانداردی جیهانی، شۆفێر دەبێت هەر 30 هەزار کیلۆمەترێک یان دوو ساڵ جارێک فیول پەمپی ئۆتۆمبێلەکەی بکاتەوە و پاکی بکاتەوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەشی نوێ بێت پێویستە ئەو کارە بکات.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی 120 ئۆتۆمبێل بە هۆکاری جیاوازەوە سووتاون .

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا