قیرکردنی رێگای گوندەکان لە پێنجوێن - وێنە: رێگاوبانی پێنجوێن
پێنجوێن رێگەی گوندەکانی قیردەکات
رێگا قیرەکەی گۆڵێ 45 خولەکی چوون دەکات بە 15 خولەک
ئەحمەد مستەفا
پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگاکانی گوندی “خۆنیانە، وریاوا و دەڵاڕۆ” لە سنووری قەزای پێنجوێن خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، رێگاوبانی پێنجوێن دەڵێ، ئەو رێگا قیرە، چوونە سەیرانگای گۆڵێ لە 45 خولەکەوە دەکات بە 15 خولەک.
قامقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک، و بەشێک لە بەڕێوەبەری فەرمانگە حکومییەکانی پێنجوێن، سەردانی مەیدانی پڕۆژەی گوندی وریاوایان کرد.
رێگاوبانی پێنجوێن لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە گرنگییەکی زۆری بۆ ناوچەکە هەیە، بە جۆرێک کە سوودمەندبوونی گوندەکان بە شێوازی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ 20 گوندی ناوچەکە دەگرێتەوە.
هەروەها، کەمکردنەوەی کاتی گەیشتن بە رێگای سەیرانگای گۆڵی لە 45 خولەکەوە بۆ تەنیا 15 خولەک کەمدەکاتەوە، و بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی و رێگاوبانی پێنجوێن سەرپەرشتی کارەکانیان کردووە،
بودجەی پڕۆژەکە نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، وە درێژی رێگاکە، 15 کیلۆمەترە، کە لە قۆناغی یەکەمدا 11 کیلۆمەتری قیرتاو دەکرێت.