سەرهەنگ موحسین بۆ 964: بەزووترین کات بەرەو نەجەف بەڕێدەکەوم

964+

هیژا خەسرەو – هەولێر

سەرهەنگ موحسین بە 964ی راگەیاند بە زووترین کات بەرەو نەجەف دەکەوێتەڕێ بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی ئەو شارە.

سه‌رهه‌نگ موحسین گۆڵپارێزی ناوداری كورد، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌جه‌ف كرد بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراق.

سه‌رهه‌نگ دوای بەسەربردنی سێ وەرز لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغدا، لە کۆتایی وەرزی رابردوودا وازهێنانی خۆی لەو یانەیە راگەیاند، ئەمڕۆش سەرهەنگ رێککەوتنی لەگەڵ یانەی نەجەف راگەیاند.

سەرهەنگ موحسین بە 964ی وت: “لەگەڵ یانەی نەجەف رێککەوتووم و بۆ وەرزی نوێی خولی پیشەگەرەکانی عێراق دەبمە گۆڵپارێزی ئەو یانەیه‌”.

گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق وتی: “هەموو رێککەوتنێک کراوە، هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا لەو رێککەوتنەدا نییە، گرێبەستەکەم بۆ ماوەی ساڵێکە، لە دوای یاریمان لەگەڵ هەڵبژاردەی کەرکوک لە جامی کۆماریدا، لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو سەردانی نەجەف دەکەم و چەند وردەکارییەکی زۆر کەم ماوە قسەی لەسەر دەکەین و واژۆ لەسەر گرێبەستە نوێیەکەم دەکەم”.

سەرهەنگ یەکێکە لە گۆڵپارێزە ئەزمووندارەکانی کوردستان و مێژوویەکی پڕشنگداری هەیە، جیا لە خولی کوردستان، لە خولی عێراقدا پێشتر گۆڵپارێزی یانەكانی هەولێر، شوڕتە و ئەمانەی بەغدا بووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا