دەستەی ژینگە ماڵ بە ماڵ بەدوای دەرمانی بەسەرچوودا دەگەڕێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ماڵ بە ماڵ بە دوای دەرمانی ماوە بەسەرچوودا دەگەڕێت و رێگەیەکی نوێی بۆ کۆکردنەوە و لەنێوبردنی ئەو دەرمانانە دەستپێکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 21.8.2023، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان “هەڵمەتی نیشتیمانی کۆکردنەوە و لەناوبردنی دەرمان”ـی راگەیاند و دەیەوێت بەمە رێگە لە ژەهراویبوونی ژینگە بگرێت.

هەڵمەتەکە سەرەتا لە هەولێر دەستیپێکردووە و ئۆتۆمبێلی تایبەتی کۆکردنەوەی دەرمانی بەسەرچوو دابیندەکرێت بۆ شارەوانییەکان، هاوڵاتییانیش بە دوو رێگە دەتوانن دەرمانەکانیان رادەست بکەن.

د. ئارەزوو حەسەن، بەرپرسی کۆنترۆڵی هەوکردن لە تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، “رێگەی یەکەم ئەوەیە ئۆتۆمبێلی شارەوانی دێتە پێش دەرگای ماڵی هاوڵاتییەکە و دەستاودەست دەرمانەکە رادەست دەکرێت، رێگەی دووەمیش ئەوەیە ئەگەر هاوڵاتییەکە لە دەوام بوو، یاخود ئۆتۆمبێلی شارەوانی نەهات، دەرمانەکە ببرێت بۆ بنکەی تەندروستی”.

ئەو دەرمانانەی کۆدەکرێنەوە، شوێنی تایبەتیان بۆ دابنیکراوە و لەرێگەی ئامێری سووتێنەری تایبەت بەناوی “Incineration”، لە پلەی گەرمی یەک هەزار و 100 دەسووتێنرێن و لەنێودەبرێن.

“ئەو ئامێرە لێناگەڕێت کە دەرهاویشتە خراپەکانی دەرمانەکە لە ژینگەدا بڵاوبێتەوە و فلتەری زۆر بەهێزی هەیە”، د. ئارەزوو حەسەن وای وت.