کارگەیەک خاشاکی سلێمانی بۆ خۆی دەفرۆشێت

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

شارەوانیی سلێمانی سەرقاڵی پرۆژەیەکە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە ئەو خۆڵ و خاشاکەی کە لە ناو شاری سلێمانیدا کۆدەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە داوای لە کارگەیەکی ریسایکڵین کردووە هاوکاریان بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 21.8.2023، کارزان تاڵب، ئەندازیار لە بۆردی خۆڵ و خاشاکی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ نوێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای ئیکۆسیم لەسەر هێڵن بۆ دانانی میکانیزمی کارکردن و چوونە قۆناغێکی نوێی چارەسەرکردنی پاشماوەی رەق.

“کارگەکە بەبێ بەرامبەر خۆڵ و خاشاکی سلێمانی ریسایکڵ دەکات و دەیفرۆشێتەوە بە کۆمپانیاکان، پارەکەشی بۆ خۆی هەڵدەگرێت”، کارزان تاڵب وای وت.

کارگەکە لە ناوچەی تانجەرۆیە و ئامادەیە بۆ کارکردن، بەڵام رەزامەندیی شارەوانیی سلێمانی پێویستە.

بڕیارە سبەی لیژنەیەکی شارەوانیی سلێمانی سەردانی کارگەکە بکات، ئەگەر ئامێری پێویستی هەبێت وەک ئەوەی شارەوانی دەیەوێت، ئەوا رەنگە لەم هەفتەیەدا دەستبەکار بکات، ئەندازیار کارزان تاڵب وای وت.