دیمەنی دراوی عێراقی
بلۆک کرابوو
13 ملیۆن دۆلار لە فەڕەنساوە گەڕێنرایەوە بۆ خەزێنەی عێراق
ئەحمەد مستەفا
پارەیەک کە ماوەیەک لە بانکەکانی فەڕەنسا بلۆک کرابوو، ئێستا دووبارە گەڕایەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتی عێراق.
سندووقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق رایگەیاندووە، دوای بەدواداچوون و هەوڵە بەردەوامەکان، توانراوە 13 ملیۆن دۆلار لە سامانی داراییی عێراق لە فەڕەنسا بگەڕێنرێتەوە.
بەپێی بەیاننامەی سندووقەکە، ئەم پارەیە بە بڕیاری دادگا و بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان گەڕێنراوەتەوە.
دوای تەواوبوونی ڕرێکارە یاسایی و بانکییەکان، بڕە پارەکە لە رێگەی بانکی عەرەبی سویسرییەوە خراوەتە سەر هەژمارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.
سندووقەکە دەڵێت، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی مافە دارایییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات.
لە هەمان کاتدا، سندووقی گەڕاندنەوەی پارەکان جەخت لە بەردەوامبوونی بەدواداچوونەکان دەکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی سامانەکانی دیکەی عێراق.