دیمەنێک لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە هەولێر - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
وەزیر لەگەڵیان کۆبوویەوە
هەولێر بە پێشوازیی زستان دەچێ، ئاوهڕۆکان بۆ باران ئامادە دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
لە هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی شار و هاوڵاتییان لە کاریگەرییەکانی باران و لافاو، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو دامەزراوە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی هەولێر و دەوروبەری راسپارد کە لە ئێستاوە دەست بە ئامادەکارییەکانی وەرزی زستان بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئامادەیی هەبوو لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان لە هەولێر و دەوروبەری، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی شارەوانی، ئاو و ئاوهڕۆ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان کرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای کرد کە بەزووترین کات، کەندە سرووشتییەکان و ئاوهڕۆکان بە هاوهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پاک بکرێنەوە و خۆڵ و خاشاکی ئەو شوێنانەی کە دەتوانێت ببێتە هۆی بەربەستبوونی ئاوهڕۆکان لاببرێت.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی سەرەکی ئەم ئامادەکارییانە پاراستنی گیان و ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانە، و تیمەکان دەبێت پێش بارین و بە تایبەتی لە کاتی باراندا، بەردەوام چاودێری ئاوهڕۆکان بکەن.
کۆبوونەوەی وەزیری شارەوانی لەگەڵ سەرۆک شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی هەولێر - وێنە: وەزارەتی شارەوانی