وەزارەتى دارایى:

مۆڵەتی بێ مووچە لە دوو ساڵ زیاتر نابێت و بۆ خانەنشینیش هەژمار ناکرێت

وریا فەتاح

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، سیستەمی پێدانی “مۆڵەتی بێ مووچە”ـی بە فەرمانبەران گۆڕی و مەرجی توندی بۆ دانا، بە جۆرێک لەمەودوا ئەو مۆڵەتە لە دوو ساڵ تێپەڕ ناکات و خزمەتیشی پێ دەرناچێت.

بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (5)ـی ساڵی 2026 کە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی لەسەرە و رۆژی 6.9.2026 دەرچووە، دەسەڵات دراوە بە وەزیر و سەرۆکی دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەت، کە لە کاتی پێویستدا مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بدەنە فەرمانبەران، بەڵام بەو مەرجەی ماوەی مۆڵەتەکە لە 2 ساڵ تێپەڕ نەکات.

رێنماییەکە خاڵێکی گرنگی تێدایە کە رەنگە بۆ زۆرێک لە فەرمانبەران جێی دڵخۆشی نەبێت، چونکە لە بڕگەی دووەمدا بە روونی هاتووە: “ماوەی ئەم مۆڵەتە بە هیچ شێوەیەک بۆ مەبەستی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت”.

لەبارەى چارەنووسی ئەوانەی ئێستا لە مۆڵەتدان یان پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتووە وەزارەتەکە بڕیاریداوە، کارکردن بە 6 رێنمایی پێشووتری راگرێت کە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2022 دەرچووبوون. سەبارەت بە فەرمانبەرانیش بڕیارەکە بەم شێوەیەیە:

ئەو فەرمانبەرانەی پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە نوێیە مۆڵەتیان وەرگرتووە، مۆڵەتەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی وادەکەی تەواو دەبێت، بەڵام وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە کە “ئیتر جارێکی تر بۆیان نوێ ناکرێتەوە”.

ئەو ماوەیەی کە فەرمانبەر لە رابردوودا وەک مۆڵەتی بێ مووچە وەریگرتووە، لەم 2 ساڵە نوێیە هەژمار دەکرێت. واتە ئەگەر فەرمانبەرێک لە رابردوودا 2 ساڵ مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتبێت، ئەوا ئێستا مافی وەرگرتنی ئەم مۆڵەتە نوێیەی نەماوە.

+964صورة من منصة (شبكة):