گەڕەکی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ بێ خزمەتگوزارییە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
گەڕەکی سێهەزارییەکانی چەمچەماڵ کە بە گەڕەکی ئەنفالەکان ناسراوە، هێشتا ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەی قیرتاو کراویان نییە.
بۆیە پێی دەوترێت گەڕەکی ئەنفالکراوەکان، چەند ساڵێک لەمەوبەر زۆربەی زەوییەکانی بەسەر کەسوکاری ئەنفالکراوان دابەشکرابوون.
گەڕەکی سێهەزاری چەمچەماڵ %36ی کارەکانی تەواو بووە، ئەوەی دیکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە.
ئەحمەد کەریم خاوەنی چوار ئەنفالکراوە و بە 964ی وت، “وەرزی هاوین بۆنی ناخۆش و مێشولە، زستانیش قوڕاو هەراسانی کردووین و لە ژیانی خۆمان بێزارین”.
ئارام نەجات سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ بە 964یراگەیاند، “بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایەوە نەمانتوانیوە باشترین خزمەتگوزرای پێشکەش بە کەسوکاری ئەنفالکراوان بکەین، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی پارەی پێویست لە بەغداوە بۆ هەرێم، دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە وەک خۆی، دەست دەکەین بەکارکردن لە گەڕەکی سێهەزریەکان”.
سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ ئەوەشی وت “تێچوی پڕۆژەکە شەش ملیون دۆلار بوو، بڕیار بوو لەسەر پارەی نەوتی هەرێم پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بەڵام لەساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی دارایەوە پڕۆژەکە راوەستاوە”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی