لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدان
عێراق دەیەوێ دەرگای بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی بەڕووی ئێراندا بکاتەوە
شۆڕش قادری
عێراق داوا لە ئەمریکا دەکات، بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی سەر ئێران بەدەر بکات و دەرگا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی تاران بکەنەوە.
دوای گەڕانەوەی زەیدی لە ئەمریکا، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی فڕۆکەوانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە گرتوویەتییەبەر، لەوانەش فڕۆکەخانەکانی عێراق، حکومەتی بەغدا سەرقاڵی گفتوگۆی راستەوخۆیە لەگەڵ واشنتن بۆ بەخشینی هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی لەم رێوشوێنانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەوڵە بۆ ئەوەیە رێگە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران بدرێت بە هۆکاری مرۆیی، پەیوەست بە چارەسەری پزیشکی، پەروەردە، زیارەتی ئایینی و بەرژەوەندیی خەڵکی مەدەنی.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران دووپاتیکردووەتەوە، حکومەتی عێراق کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە دەکات، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی قەیرانەکان تەنیا دۆخەکە خراپتر دەکات.
حکومەتی عێراق داوایش لە هەموو لایەنەکان دەکات کە بەشداری گفتوگۆ و دانوستان بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بە قەیران و ململانێکانی ئێستا بهێنێت، و خزمەت بە بەرژەوەندی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بکات.
چەند رۆژ پێش و بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەخت، بەڕووی فڕۆکەکانی ئێران داخرا، دواتر فڕۆکەخانەی نەجەف کرایە جێگرەوە و فڕۆکەکانی ئێران لەوێ دەنیشتنەوە، دوێنێ ئەو فڕۆکەخانەیەش داخرا و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عێراق و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەش پەکیان کەوت.