باخچەیەکی ساوایان شەقامێکی رانیەی قیرتاو کرد

توانا نەقی

باخچەو قوتابخانەیەکی منداڵانی ناحکومی لە رانیە شەقامی 40 مەتری رانیەی بە خۆبەخشی و لەسەر ئەرکی خۆی قیرتاوکرد.

شەقامی 40 مەتری رانیە دەکەوێتە گەڕەکی شارەوانی و چوارباخەوە و شارەوانی کارەکانی تەواو کردبوو تەنیا قیرکردنئی ماوە ئەو باخچەیە لەسەر ئەرکی خۆیان دەستیانکردووە بە قیرتاوکردنی.

درێژی ئەو مەودایەی کە قیری دەکەن 6700 مەترە و نزیکەی 100 ملیۆن دینار تێچووەکەیەتی.

بەرهەم رەسوڵ سەرۆکی شارەوانی رانیە بە 964ـی وت، ئەو باخچەیە خۆیان داوایان کردووە پرۆژەیەک بکەن ئەوانیش قیرکردنی ئەو شەقامەیان پێسپاردوون و ئەنجامیان داوە.

وتیشی، هەموو قۆناغەکانی شەقامەکە لەلایەن شارەوانییەوە جێبەجێکرابوو تەنیا قیرەکەی مابوو بە سوپاسەوە ئەوان کردوویانە.

بەرهەم رەسوڵ دەڵێت: لە رانیە نزیکەی 10 قوتابخانەی ناحکومی هەیە تەنانەت بەردەم بیناکانی خۆیان چاکناکەن، بەڵام ئەو باخچە و قوتابخانیە هەستاوە بەو کارە هیوادارن شوێنی دیکەش چاو لەوان بکات.

شەقامی 40 مەتری رانیە بە تەواوکردنی جگەلە لە قەرەباڵغی گرفتی هاتوچۆی دووگەڕکیش بە تەواوەتی چارەسەر دەکات.