ئەفسەرێکی فەڕەنسی لە مەخمور گیانی لەدەستدا

964+

فەرمان سادق

ناسنامەی یەکێک لە بریندارەکانی سوپای هاوپەیمانان لە مەخمور ئاشکرا دەبێت، کە دوای برینداربوونی گیان لەدەستدەدات.

ئەمڕۆ شەممە 19.8.2023، هەواڵی روودوێکی هاتوچۆی هێزەکانی هاوپەیمانان لەنێوان قەزای مەخمور و ناحیەی دیبەگە بڵاوبووە کە بەهۆیەوە دوو سەربازی سوپای هاوپەیمانان بریندار بوون.

کۆشکی ئەلیزێ لە راگەیەنراوێکدا سەرەخۆشی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسای بڵاوکردوە کە سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەفسەر بابتیست گۆشۆ، لە فەوجی ئەندازیاری 19 دەکات.

لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی ئەلیزێ هاتووە، لە رووداوێکی هاتوچۆ لەکاتی بەشداریان لە راهێنانپێکردن بە سوپای عێراق، هاوڕێ لەگەڵ سەربازێکی دیکە ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە و بە سەختی بریندار بوون و بە پەلە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی هەولێر، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی، ئەفسەر بابتیست گیانی لەدەستداوە و سەربازەکەی تریش بە سەختی بریندار بووە.

پێشتر 964 لەسەر ئەو رووداوە پەیوەندی بە بەرپرسانی کارگێری مەخمور کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر رووداوەکە زانیاری بە 964 بدەن.

بەهۆی هەستیاری بابەتەکە، سەرچاوەکی ئاگادار بە 964ـی وت، رووداوەکە لەسەر رێگای مەخمور دیبەگە بووە و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانی هێزەکانی هاوپەیمانان وەرگەڕاوە و بووەتە هۆی برینداربوونی دوو سەرباز.

وتیشی “بەهۆی هەستیاری رووداوەکە، هێزەکانی هاوپەیمانان رێگەیان بە هێزەکانی ئێمە نەداوە هاوکارییان بکەین و خۆیان بە هێلیکۆپتەر بریندارەکانیان گواستەوە”.