"سوپای پاسداران راست ناکات"

سێنتکۆم: هیچ کەشتییەک لە گەرووی هورمز بەر مین نەکەوتووە

شۆڕش قادری

سوپای ئەمریکا هەواڵێکی سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێت، هیچ کەشتییەک لە گەرووی هورمز بەر مین نەکەوتووە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە دوا پۆستی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە کەشتییەکی نەوتهەڵگری گەورە لەکاتی تێپەڕبوون بە رێڕەوێکی باشووری گەرووی هورمز، خۆی کێشاوە بە دوو میندا و لەکارکەوتووە، ئەمەش راست نییە و درۆیە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، هیچ کەشتییەک لە گەرووی هورمز بەر مین نەکەوتووە و سوپای پاسداران لەرێی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، جارێکی دیکە هەوڵی تۆقاندنی کەشتیوانی بازرگانی لەو ناوچەیە دەدات.