وەزارەتی تەندرستی حکومەتی هەرێمی کوردستان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
وەزارەتی تەندروستی رێکاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەیەکی ئەهلی دەگرێتەبەر
فەرمان سادق
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە تێیدا دوو پەرستار لە منداڵێکی ساوا دەدەن لە نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ، وەزارەتی تەندروستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستی کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند؛ پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە (4)ـی ساڵی 2020 و رێنمایی جێبەجێکردنی مافی نەخۆش ژمارە (4)ـی ساڵی 2022، رێکاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە و ئەو کەسانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە دەگرینەبەر.
دەشڵێت: تیمەكانی پشكنین و بەدواداچوون رادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە.
پێشتر 964 لەسەر ڤیدیۆیەکە سۆراغی کرد، سەرچاوەیەک لە ئیدارەی نەخۆشخانەکە ڤیدیۆیەکەی پشتڕاستکردەوە و وتیشی: هەردوو پەرستارەکە لە کارەکەیان دەرکراون.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی:
وەزارەتی تەندروستی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک هاتە دەنگ
پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4 ی ساڵی 2020 و رێنمایی جێبەجێکردنی مافی نەخۆش ژمارە 4 ی ساڵی 2022، وەزارەتی تەندروستی لە سەر بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك كە تێیدا مافی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان پێشیل دەكرێت، بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە دەكات، تیمەكانی پشكنین و بەدواداچوون رادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر نەخۆشخانەکە و ئەو کەسانەی ئەو تاوانە ئەنجامدەدەن.
وەزارەتی تەندروستی، داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەكات لە بوونی هەر دیاردەیەكی نا تەندروست یان سكاڵا، دەتوانن لە رێگەی سندوقەكانی سكاڵا و هێڵە گەرمەكانەوە ئاگادارمان بكەنەوە و دڵنیایش دەداتە هاوڵاتیان کەوا بەردەوام دەبێت لە پشكنین و بەدواداچوونی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی بۆ رێگەگرتن لە سەرپێچی و کەمتەرخەمی و پێشیلکردنی مافی نەخۆش.
راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
19/8/2023