مێرمنداڵە ونبووەکەی ئاکرێ دوای چوار رۆژ دۆزرایەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دوای چوار رۆژ لە ونبوونی، مێرمندالەکەی ئاکرێ لە نزیک کۆلیژەکانی ئاکرێ دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە 18.8.2023، مێرمنداڵە ونبووە تەمەن 13 ساڵەکەی قەزای ئاکرێ، لە نزیک کۆلیژەکانی ئاکرێ دۆزرایەوە.

فەهد ناجی عەلی تەمەن 13 ساڵ، ئەو مێرمنداڵەیە کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو بزر ببوو، دانیشتووی گەڕەکی کوچینەیە کە دەکەوێتە دەروازەی چوون بۆ ناو ئاکرێ.

کۆلیژەکانی ئاکرێ، بە تەنیشت ئەو گەڕەکەوەیە، بەڵام وەک باوکی کە قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت: کوڕەکەم چووەتە دهۆک و ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە ئاکرێ.

ناجی عەلی، باوکی مێرمنداڵەکەیە کە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: کوڕەکەم بەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ماڵ چووەتە دەرەوە، کەس سۆراغی نەزانی بوو.

وتیشی “پێش دەرچوونی لە ماڵ، ئامۆژگاریمان کردووە، کەچی دیارە خۆی عاجز کردووە و بۆ ماوەی سێ رۆژ هیچ خەبەرێکی نەبوو، کەسیشی ئاگادار نەکردووەتەوە”.

وەک باوکی باسی دەکات، کوڕەکەی بڕێک پارەی کڕینی مۆبایلی لەلا بووە، چووەتە دهۆک و لەوێ ماوەتەوە و پارەکەی خەرج کردووە و گەڕاوەتەوە ئاکرێ.

باوکی فەهد دەشڵێت: سوپاس بۆ خوا، ئەمڕۆ لەلایەن چەند کەسێکەوە لە نزیک کۆلیژەکانی ئاکرێ بینراوە و یەکسەر پەیوەندیان بە ئێمەوە کرد، کوڕەکەم تەندروستی زۆر باشە و هیچ کێشەی نەبووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق