"گومان دەکرێت جەڵتە لێیدابێت"

تەرمی ئەو پیاوەی لە رووباری کاولۆکان دۆزرایەوە هۆکاری مردنەکەی دیارنییە

964+

ئاکام غەفور- سۆران

تەرمی ئەو پیاوەی لە رووباری کاولۆکان دۆزرایەوە دیارنییە خنکاوە یان کارەبا لێیداوە یاخود جەڵتە لێیداوە.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی 28.04.2026 تەرمی کەسێک لە رووباری کاولۆکان دۆزرایەوە و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بە تەواوی روون نەبووەتەوە کە هۆکاری گیانلەدەستدانی خنکان بووە لە ئاودا یان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بووە، لە کاتێکدا بڕیارە بەیانی راپۆرتی پزیشکی دادوەری دەربچێت و هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانەکەی یەکلابکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964، بەرگریی شارستانی رووداوەکەی وەک “خنکان” تۆمار کردووە، ئەمەش بەهۆی دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ناو ئاوی رووبارەکەدا، بەڵام گومان دەکرێت بەرلە کەوتنە ناو ئاوەکە یان لە کاتی مەلەکردندا جەڵتەی دڵ لێی دابێت و ئەوە بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی، دەنگۆش هەیە کارەبا لێیدا بێت.

چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی پشکنینە پزیشکییەکان لە پزیشکی دادوەری، بەیانی هۆکاری کۆتایی و راستەقینەی گیانلەدەستدانی ئەو کەسە بە راپۆرتی فەرمی رابگەیەنرێت

پێداچوونەوە؛ پەری ساڵح