بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق وادەڵێت

“لە عێراق زیاتر لە سێ ملیار دۆلارمان بۆ کاری مرۆیی بەخشیووە”

فەهمی نەبی

بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندووە، لەماوەی نۆ ساڵی رابردوودا، ئەمریکا لە عێراق سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری بۆ کاری مرۆیی خەرجکردووە.

ئەلینە رۆمەناوسکی بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، لەساڵی 2014 -ەوە، یارمەتی گەیەندراوەتە پێنج ملیۆن ئاوارە لە عێراق ئەمەش لەپێناو کۆتایهاتن بە رەوشی ئاوارەیی بووە.

ئەم وتانەی ئەلینە رۆمەناوسکی ئەمڕۆ شەممە بەبۆنەی رۆژی جیهانی هاوکاری مرۆیی بووە، ئەوەشی وتووە، “ئەمریکا لە عێراق لە هەموو وڵاتەکانی دیکە زیاتر هاوکاری پێشکەشکردووە”.

بەگوێرەی وتەی بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەو سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەی بەخشراوە بە ئاوارەکان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە بووە.

لەدوای ساڵی 2014 -ەوە و هاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە، بەو هۆیەوە ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق زیاتر لە ملیۆنێکی تێپەڕاند و بەشی زۆری ئەو ئاوارە لە هەرێمی کوردستان بوونە.

بەپێی داتایەکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە لە ملیۆنێک کەس، دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان %30 ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەنێو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین، کە سەرجەمیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.