ئەوانەی زانیاری لەسەر گەندەڵکاران بدات پاداشت دەکرێت
عەلی زەیدی سەردانی “دەستپاکی” کرد و پێی وتن؛ جەنگی دژ بە گەندەڵی گەورەیە
فەرهاد حەسەن
لە سەردانیدا بۆ بارەگای دەستەی دەستپاکی، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جەنگی دژ بە گەندەڵی گەورەیە و دەستەکە هێڵی پێشەوەی بەرگرییە لەو جەنگەدا.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی، چووە ئەو دەستەیە و لەگەڵ سەرۆک و کادرە پێشکەوتووەکانیدا کۆبووەوە، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون میکانیزمەکانی کارکردن و هەوڵەکانیان بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی بێت.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەستەی دەستپاکی تەلارێکە بە دیوارەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە تەرازووەکەی و بە دوو گفتەکەی کە ئەمانەت و پاراستنی سامانی گشتیین دەپێورێت، ئاماژەی بەوەدا کە جەنگی دژ بە گەندەڵی گەورەیە و دەستەکە هێڵی پێشەوەی بەرگرییە لەو جەنگەدا.
جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت رۆڵی دەستەکە تەنیا لەلایەنی چاودێریدا کورت نەکرێتەوە، بەڵکو لایەنی خۆپارێزیش بگرێتەوە و پێداگریش بوو لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بنبڕکردنی یەکجارەکی سیستەمی گەندەڵی و بەدواداچوونی پڕۆژەکانی پارێزگاکان هاوشێوەی پڕۆژەی وەزارەتەکان.
زەیدی رێنماییدا، بە بەدواداچوونی پڕۆژەکان بەپێی سێ ئاست، کە بگونجێت لەگەڵ قەبارەی پڕۆژەکە و تێچووەکەی، کە لە پڕۆژە تێچوو بەرزەکانەوە دەست پێدەکات، پاشان پڕۆژە مامناوەندەکان و دواتر پڕۆژە بچوکەکان، بەجۆرێک کە دەستەبەری ئاڕاستەکردنی هەوڵە چاودێرییەکان بە شێوازێکی کاریگەرتر بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق چالاککردنی یاسای پاداشتکردنی هەواڵدەرانیشی لەسەر حاڵەتەکانی گەندەڵی و بەهێزکردنی بەدواداچوونی دەروازە سنوورییەکانی بە پێویست زانی، وێڕای پێشکەشکردنی راپۆرتی مانگانە و وەرزی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئاستی دەستکەوتەکان لەم بوارەدا.