66 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی داوای گلێنەی چاو دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد

66 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی پێویستیان بە دانانی گلێنەی چاوە و تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت لە ئێرانەوە پزیشکیان بۆ دەهێنن.

نووسراوێکی تەندروستی هەڵەبجە لە وەزارەتی تەندروستییە بۆ رەزامەندیدان لەسەر هێنانی پزیشک لە ئێرانەوە تا لە کوردستان ئەو نەشتەرگەرییەیان بۆ بکرێت.

“لەگەڵ بەغدا هەماهەنگیمان کردووە گلێنەی چاومان پێبدەن و لە نەخۆشخانەکانی خۆشمان ئامێری پێویست بۆ نەشتەرگەرییەکە بەردەستە”، ئەوە قسەی ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجەیە بۆ 964.

بە پێی زانیارییەکانی تەندروستی هەڵەبجە، تا ئێستا ژمارەی دیاریکراوی بەرکەوتوان دیار نییە، چونکە بەردەوام داواکاری هەیە و ئێستا لە هەڵەبجە زیاتر لە دوو هەزار، لە سلێمانی 500 و لە هەولێر سێ هەزار داواکاری هەیە کە دەڵێن بەرکەوتەی چەکی کیمیایین.