هێشتا ناوی مەزڵوم عەبدی ماوە

تورکیا سیپان حەمۆی لە لیستی سووری داواکراوانی خۆی دەرهێنا

فەرهاد حەسەن

سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا و فەرماندەی پێشووی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لیستی سووری داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەرهێنرا کە تورکیا خەڵاتی زیاتر لە 400 هەزار دۆلای بۆ دەستگیرکردنی تەرخان کردبوو.

سەمیر ئۆسۆ، ناسراو بە سیپان حەمۆ دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا دەستنیشانکرا.

پێشتر بەو ناوە لە لیستی سووری داواکراوانی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا داواکراو بوو و خەڵاتی دەستگیرکردنەکەشی 20 ملیۆن لیرەی تورکی کە دەکاتە 417 هەزار دۆلار ئەمریکی بۆ تەرخان کرابوو

رۆژنامەی (جمهورییەت)ی تورکی ئاشکرای کرد، کە ناوی سیپان حەمۆ (کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە ناوی سەمیر ئۆسۆ تۆمار کراوە)، لە لیستی داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سڕدراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی رۆژنامەکە، سیپان حەمۆ پێشتر لە “لیستی سوور”ی داواکراوانی تورکیادا بوو بە تۆمەتی پەیوەندی بە (PKK/KCK) و ئاماژە

بەوەشکراوە کە تاوەکو سەرەتای مانگی ئایاری رابردوو، ناوی حەمۆ هێشتا لە لیستەکەدا مابوو، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە ناوی لە “لیستی سوور” و هەموو لیستەکانی تری داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆ بەتەواوی سڕاوەتەوە و شوێنەواری نەماوە.

رۆژنامەی (جمهورییەت) باسی لەوەشکردووە کە ناوی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە لە تۆمارە فەرمییەکانی تورکیادا بە ناوی فەرهاد عەبدی شاهین ناسراوە، هێشتا لە لیستی داواکراوانی ئەنقەرەدا ماوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆسیەکەیدا نەکراوە.

بە پێی رۆژنامە، ئەم هەنگاوەی تورکیا لە میدیاکاندا وەک نیشانەیەکی جێگەی سەرنج دەبینرێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی هۆکاری سڕینەوەی ناوی سیپان حەمۆ نەداوە.