پێشمەرگە دەستی بە ئامادەکاری کرد بۆ خولی عێراق
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپی بالەی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی، دەستی بە ئامادەکاری کرد بۆ خولی عێراق.
بەمەبەستی رێکخستنەوە و بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپەکەی بۆ وەرزی نوێ ی خولی بالەی نایابی عێراق، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆندی لەگەڵ چوار یاریزانی نوێ واژووکرد و بۆندی حەوت یاریزانیشی نوێ کردەوە.
سەڵاح کانەبی راهێنەری یانەی پێشمەرگە بە 964ـی وت، وەرزی نوێ لە پێشیانە هەربۆیە لە ئێستاوە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە، هەنگاوی یەکەمیش تۆکمەکردنی پێکهاتەی تیپەکەیە.
وتیشی، ئەو چوار یاریزانە نوێیەی کە بۆندیان لەگەڵ کراوە ئاستی باشیان هەیە، لە داهاتوشدا بۆ زیاتر تۆکمەکردنی پێکهاتەکەیان یاریزانێکی پیشەگەریش دەگوازینەوە.
هەرچەندە تا ئێستا فیدراسیۆنی بالەی عێراق وادەی دەستپێکی وەرزی نوێی خولەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام یانە بەشداربووەکان لە ئێستاوە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی