لوتکەى سلێمانى
نێچیرڤان بارزانى: بەرەو پێکهێنانى حکومەت دەڕۆین، بەڵام نازانم کەى پێکدێت
وریا فەتاح
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە شارى سلێمانییەوە و لە کاتى بەشداریکردن لە لوتکەى سلێمانى رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت بە ئاراستەیەکى دروست دەڕۆن و کۆبوونەوەى باش کراون، بەڵام ناتوانێت کاتى پێکهێنانەکەى دیاری بکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ وتی، “ناتوانم بڵێم حكومەت كەی پێكدێت، بەڵام دەتوانم بڵێم تا ئێستا كۆبوونەوەی باش كراوە و ئێستا بەرەو ئاراستەیەكی دروست دەڕۆین”.
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی رابردوودا كۆبوونەوەی باش لە نێوان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، هەروەها لە نێوان هێزە ئەمنییەکان ئەنجام دراون.
لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دڵخۆشی خۆی نیشاندا و پێی وابوو دۆخەکە بەرەو ئارامی چووە، وتیشی، “خۆشحاڵین لە ئێستادا كەشوهەوایەكی باش هەیە لە نێوان یەكێتی و پارتیدا”.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مژدەیەکی بە هێزەکانی پێشمەرگە دا و رایگەیاند، “لەم رۆژانەدا بەفەرمی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رادەگەیەنین”.