لە دوو رووداوی هاتوچۆدا پۆلیسیش رزگاری نەبوو
+964
دیلان محەمەد- سلێمانی
ژیان لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمودی سلێمانی، ئەم بەیانییە بە دوو رووداوی هاتوچۆ دەستیپێکرد، پێنج ئۆتۆمبێل لە هەردوو رووداوەکەدا بەیەکیاندا کێشاوە
ئۆتۆمبێلەکان دوو تەنکەر و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت و ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسیشیان تێدا بووە.
رووداوەکە یەکەمجار لە لادانی یەکێک لە تەنکەرەکانەوە بۆ لای چەپ روویداوە، کە خۆی کێشاوە بە پیکابەکەدا و بووەتە هۆی قەرەباڵغی لە شەقامەکەدا و لەو قەرەباڵغییەشدا دوو ئۆتۆمبێلی دیکە بەیەکیانداداوە.
لە دوو رووداوەکەدا پێنج ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
شەوی هەینی رابردوو لە رووداوێکدا لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی، حەوت ئۆتۆمبێل بەیەکیاندادا و دوو هەفتە لەمەوبەریش لە رووداوێکی هاوشێوەدا هەشت ئۆتۆمبێل بەیەکیاندادا.
داڕشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا