سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیمارات قسە دەکات
مەسرور بارزانی: هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئیمارات سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین
ژووری هەواڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە مووشەک و درۆن هێرشکرایە سەر ئیمارات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکانی سەرکۆنە و شەرمەزار کرد.
سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ شێخ عەبدوڵلا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات، دۆخی گشتیی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتیان تاوتوێ کرد.
مەسرور بارزانی راشیگەیاند، “هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر دەوڵەتی ئیماراتمان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختمان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان کردەوە”.
ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر وڵاتی ئیمارات و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش رایگەیاند، مووشەک و درۆنەکان لە ئێرانەوە رەوانە کراون و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی بە رەگەز هیندی برینداربوون.