دوای 35 ساڵ لە دروستبوونی حاجیاوا فولکەی بۆ دروست دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

شارەوانی حاجیاوا رێکارەکانی دروستکردنی فولکەیەکی گەورەی لە قەزاکە دەستپێکردووە، بۆ ئەو مەبەستە هەرچی زێدەڕۆیی هەبووە لایانبردووە.

وەک هەنگاوی یەکەم شۆفڵ و ئامێرەکانی شارەوانی حاجیاوا ئەمڕۆ یەکشەممە، دوکان و کەپرەکانی ئەو رێگەیان بەتەواوی لابردووە.

ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا بۆ 964 وتی، تیرەی فولکەکە نزیکەی 70 مەترە، دیزاینەکەی بەجۆرێکە نمونەی کەم دەبێت لە ناوچەکە، قۆناغی دروستکردنی فولکەکە دەستپێدەکات و زێدەڕۆییەکان %80 لابراون.

زێدەڕۆییەکان دوکان و کەپر و لابردنی دیواری کارگەی بلۆک بوون، فولکەکە بەسودە بۆ رێگەی هامڵتۆن و رۆژانە بارهەڵگرێکی زۆر بەو ناوە تێپەڕ دەبن، ئەو فولکەیە هۆکاردەبێت بۆ کەمبوونەوەی قەرەباڵغی و رووداوی هاتوچۆ، ئەمەش بەپێی وتەی ئەزوەر جەعفەر.

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا دەڵێت، جگە لەو پڕۆژەیە، رووناککردنەوەی دەروازەی سەرەکی حاجیاوا بەگوژمەی 635 ملیۆن دینار بەنیوەناچڵی تەواو نەکرابوو، بەمنزیکانە دەستپێدەکاتەوە.

شارەوانی حاجیاوا دەڵێت، پڕۆژەی دروستکردنی فولکەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانە، 478 ملیۆن و 420 هەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

قەزای حاجیاوا دەکەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، وەک کۆمەڵگەی زۆرەملێ لەساڵی 1988 دروستکرا، لەساڵی 1999 بووەتە ناحیە و لەساڵی 2022 بووەتە قەزا.