کۆنفرانسى کۆتایى
هاوپەیمانی چاودێرانی هەڵبژاردن پێنج راسپاردە رادەگەیەنێت؛ “دەبێت دەنگدانی تایبەت نەمێنێت”
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
تۆڕ و رێكخراوەكانی هاوپەیمانی چاودێرانی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ کۆنفرانسی کۆتایی خۆیان ئەنجامدا. لە کۆنفرانسەکەدا شیکاری بۆ هەردوو هەڵبژاردنەکەی رابردوو (هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق) کرا و پێنج راسپاردەی گرنگ ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران، هاوکات رەخنەی توند لە هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان گیرا.
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بە 964ـى راگەیاند، پڕۆگرامەکەیان ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و کاری لەسەر هەردوو هەڵبژاردنەکەی رابردوو کردووە، کە تێیدا (تۆڕی 964) سپۆنسەر بووە و هاوکاری پرۆسەکە بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا تۆڕەکەیان لەسەر سێ ئاست کاری کردووە، ئاستی یەکەم بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بووە بۆ ئەوەی خەڵک بە زانیاریی دروستەوە بەشداری پرۆسەکە بکات، ئاستی دووەم هاندانی گەنجان، ژنان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە بۆ بەشداریکردن، هەروەها ئەرکی سێیەمیش چاودێریکردنی پرۆسەکە بووە لە رێگەی زیاتر لە سێ هەزار چاودێرەوە.
لەبارەی دەرەنجامەکانی کۆنفرانسەکە، هۆگر چەتۆ رایگەیاند کە لە دوا هەنگاودا و دوای شیکاریکردنی هەردوو هەڵبژاردنەکە، کۆمەڵێک راسپاردەیان ئامادە کردووە و دەیگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت، کە بریتین لەم پێنج خاڵە:
یەکەم: دانانی سەقفێکی دیاریکراو بۆ ئەو پارانەی لە هەڵبژاردندا خەرج دەکرێن، بۆ ئەوەی پرۆسەکە نەبێتە قۆرخکراوی خەڵکی دەوڵەمەند.
دووەم: کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، چونکە لە ئێستادا عێراق و هەرێمی کوردستان سەقامگیریی ئەمنییان هەیە.
سێیەم: دروستکردنی تۆمارێکی تایبەت بە دەنگدەرانی پێکهاتەکان، بۆ ئەوەی فەزایەکی باشتر بۆ دەنگ و رەنگی کۆتاکان بڕەخسێت و خۆیان دەنگ بە نوێنەرانی خۆیان بدەن.
چوارەم: چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی دەخرێنە سەر ژنان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر و ئازادانەتر بەشداری پرۆسەکە بکەن.
پێنجەم: هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێک کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێنێت.
رێکخەری تۆڕی شەمس رەخنەی توندی لە دۆخی سیاسی دوای هەڵبژاردن گرت و وتی، “دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 670 رۆژ بەسەر دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا نەتوانراوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئەمەش مامەڵەیەکی نابەرپرسانەیە”.
جەختیشی کردەوە، بنەمای هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە، بەڵام ئەم جۆرە مامەڵەیەی ئێستا دەبێتە هۆی ئەوەی متمانەی خەڵک بە پرۆسەی هەڵبژاردن لاواز بێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح