کۆچ دایک و باوکێکی کوردی لە منداڵە شیرەخۆرەکەیان دابڕاندووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
نزیکەی ساڵێکە دایک و باوکێکی کورد، لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا، لە کۆماری داغستان گیریانخواردوو لە زینداندان، ئێستا کونسوڵخانەی عێراق لە مۆسکۆ هەوڵی ئازادکردنیان دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13.8.2023، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، ئەو دایک و باوکە منداڵێکی شیرەخۆرەیان هەیە و لە ئەمساڵدا منداڵەکەیان گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و ئێستا لێکدابڕاون.
“لە مانگی تشرینی دووەمەوە، ئەو دایک و باوکە کە گەنجین، لە داغستان بەند کراون و بەهۆی چوون بە رێگەی قاچاغ خراونەتە زیندانەوە”، سۆران عومەر وای وت.
خێزانەکە لە رێکەوتی 5.11.2023ـەوە رۆیشتون و چوونەتە ئێران و لەوێوە چوونەتە ئازەربایجان و پاشان داغستان و لەوێ دەستگیرکراون، خانەوادەی ئەو دایک و باوکە سۆران عومەریان ئاگادارکردووەتەوە، بۆ ئەوەی رزگار بکرێن.
کونسوڵخانەی عێراق لە مۆسکۆ لە نووسراوێکدا کە ئاماژەی بە هەوڵەکانی سۆران عومەر کردووە، دەڵێت لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرە کوردانە.
داغستان کۆمارێکە لە روسیا و لە قەراخی دەریای کاسپیەن ھەڵکەوتووە، لە قەوقازی باکوور و ئەورووپای رۆژھەڵاتە.