دیمەنێک لە عەفرین _ وێنە: رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین
"ماڵەکەم مافی خۆمە"
بۆ گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی عەفرینییە رەسەنەکان هەڵمەت راگەیەندرا
ئەحمەد مستەفا
چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، لە رۆژی 16.9.2026وە، هەڵمەتی دیجیتاڵی “ماڵەکەم مافی خۆمە”یان دەستپێکردووە.
هەڵمەتێک کە ئامانجی سەرنجڕاکێشانە بۆ دۆخی ماڵ و موڵکی دانیشتووانی رەسەنی عەفرین و داواکاریی گەڕاندنەوەی ئەو خانوو و موڵکانەیە کە، بەپێی بانگەشەکانی چالاکوانان، لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و کەسانی هاوردەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەم هەڵمەتە بە پشتیوانیی بەرفراوان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەدەچێت و بەشداربووان لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگ و داواکارییەکانیان هەوڵ دەدەن دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکەکان بخەنە بەردەم رای گشتی.
چالاکوان و رۆژنامەنووسانی ناوچەکە دەڵێن، هێشتا سەدان خانوو لەلایەن کەسانی هاوردەوە بەکاردەهێنرێن و خاوەنە رەسەنەکانیان نەتوانیوە دەستیان بەسەردا بگرن.
بەپێی راگەیاندنەکانی بەشداربووان، ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکە بریتییە لە خستنەڕووی ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی فراوان لەبەردەم رای گشتی و داواکاریی کۆتاییهێنان بە دۆخی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی دانیشتووانی رەسەنی عەفرین.