هۆشدارى ده‌درێت وه‌زاره‌تى كاره‌با زیاتر له‌ 3 ملیۆن دار وشك بكات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پارتى سه‌وزى كوردستان، هۆشدارى له‌باره‌ى بڕیارێكى وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێم ده‌دات، كه‌ له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنیدا، زیاتر له‌ سێ ملیۆن دار و گوڵ له‌هه‌رێم به‌ره‌و وشكبوونه‌وه‌ بچێت.

بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌باى هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بەنیازە نرخى واتێک کارەبا لەسەر باخ و ماڵ و سیتییه‌کان له‌ 18 دیناره‌وه‌ بۆ 156 دینار بەرزبکاتەوە .

ملکۆ بازیانى، سکرتێرى پارتى سەوز، به‌ 964ـى وت، ئەگەر بڕیارەکەى وەزارەتى کارەباى هەرێم بۆ زیادکردنى نرخى کارەبا لەسەر خاوەن باخەکان بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوا دەبێتە هۆى ئەوەى باخەوانان نەتوانن پارەکە بدەن و ئەوەش وادەکات باخەکان وشک ببن و لە ئەنجامدا رێژەى سەوزایى لە هەرێم کەمبکات.

وتیشی “لە ئێستادا 225 هەزار باخ لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە و ئەگەر لە لایەن وەزارەتى کارەباوە نرخى کارەبا لەسەر خاوەنەکانیان زیاد بکرێت ئەوا زیاتر له‌ سێ ملیۆن دار و گوڵ مەترسى وشکبوونیان لەسەرە”.

له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌، پارتى سه‌وز ده‌ڵێت، ئەنجومەنێک پێکدێنن و داواکارین ته‌واوى خاوەن باخ و دانیشتوانى سیتیەکان دژى گرانبوونى نرخى کارەبا کۆدەکه‌نه‌وه‌ دژى بڕیارەکەى حکومەت.

سكرتێرى ئه‌و پارته‌ دووپاتیده‌كاته‌وه‌ “له‌ ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌، وه‌زاره‌تى كاره‌با ده‌ده‌ینه‌ دادگا”.