سەرچاوەیەک لە پۆلیس قسە دەکات

بۆچی خێزانەکەی پیرەمەگروون قەتڵ و عام کران؟


ژووری هەواڵ

دەوروبەری کاتژمێر 8ـی ئەمشەوی پێنجشەممە پیاوێک لە پیرەمەگروون هەڵیکوتایە سەر ماڵێکی دراوسێیان و سێ ئەندامی یەک خێزانی کوشت و یەکێکی دیکەشی بریندارکرد، بە سۆراغی 964، رەنگە بنچینەی رووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە.

شایەتحاڵێک لە پیرەمەگروونەوە بە 964ـی وت، سێ کوژراوەکە دوو برا و کوڕی یەکێک لە براکانە، بریندارەکە هاوسەری یەکێک لە براکانە، لە کاتی نان خواردنی ئێوارە هێرشکراوەتە سەریان.

بۆچی ئەوانی کوشت؟

964 ئەم پرسیارەی لە بەکر عەبدولکەریم بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون کرد، ئەو وتی، لە ئێستادا ئەوەی دەوترێت تەنیا قسەوباسی ناو خەڵکە، هێشتا هۆکاری رووداوەکەیان بە فەرمی بۆ دەرنەکەوتووە.

ئەوەی دەوترێت تەنیا قسەوباسی ناو خەڵکە

وتیشی، پرسیاریان لە هەرکەس کردبێت وتوویانە نەیانبیستووە ئەم دوو ماڵە کێشەیان هەبووبێت بەیەکەوە.

بکوژ لە کوێیە؟

شایەتحاڵەکان دەڵێن بکوژەکە پیاوێکە بە ناوی (هـ.ئـ)، هەر دوای دەستڕێژییەکە رایکردووە و ئێستا پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت.

دەنگۆکان چین؟

لە هەندێک پەیجی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەنگۆی جیاواز بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە گوایە لەسەر تانکییەکی سەربان کابرا ئەو سێ کەسەی کوشتووە.

ئەو سێ کەسە لەسەر تانکییەکی سەربان کوژراون

دەنگۆکە بەجۆرێکە، یەکێک لە کوژراوەکان شۆفڵی پێیە، بکوژ داوایکردووە تانکییەکی بۆ بباتە سەربانەکەی، بەڵام لە کاتی خۆیدا ئیشەکەی بۆ نەکردووە و بەو هۆیەوە ناکۆکییەکانیان تەشەنەی سەندووە. بەڵام ئەمانە تەنیا دەنگۆن جارێ.

پۆلیس چی دەزانێت؟

964 پرسیاری لە سەرچاوەیەکی ناو پۆلیسی پیرەمەگروون کرد بەوەی ئەو خێزانە لەسەر چی قەتڵ و عام کراون؟ ئەو وتی، هێشتا بەتەواوی نازانن، بەڵام بە نزیکەیی تێگەیشتوون لەوەی گرفتێکی لەمێژینە هەبووە لەناو ئەو دوو بنەماڵەیە، کە بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە ماڵی هەردوولایان لە گوندی تۆپزاوا بووە و هێشتا نیشتەجێی پیرەمەگروون نەبوون.

964 دەزانێت، تەرمەکان بەرەو پزیشکی دادی سلێمانی بەڕێخراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.