فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بۆ 964:
“ئاگاداری ئازادکردنی ورچەکان نەبووین و هەوڵ دەدەین بیناگەڕێنینەوە”
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە دەڵێت، ئاگاداری ئازادکردنی ورچەکان نەبوون و هەوڵ دەدەن بیناگەڕێننەوە.
دوای ئازادکردنی دوو ورچی رەشی نێرە و مێیە، کە شەوی رابردوو لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادقەوە لە گوندی هێڵانپێی هەورامان بەردران، فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە دەڵێت، کە ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و لە میدیاکانەوە بینیویانە، ئەگەر ئاگاداربوونایە، ئەوا رێوشوێن و رێنمایی خۆیان دەبوو.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئاگادارنەبووین بەو کارەی پۆلیسی دارستانی سەیدسادق و وەک رێوشوێنێکی ئیداری دەبوو ئێمە ئاگادار کراباین، هەر بۆ سەلامەتی ئاژەڵەکان، نەک تەنیا بۆ ئەم کەیسەش، چەندین کەیسی دیکە هەن کە پێویستە ئێمەی لێ ئاگادار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێکار و رێنمایی خۆمان بدەین هەتا هیچ مەترسییەک دروست نەبێت بۆ ژینگە و بۆ ئاژەڵەکانیش”.
“وەک لایەنی فەرمی لیژنەیەک پێکدەهێنین و سبەینێ دەستبەکاردەبن، لیژنەکە دەچنە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە دەکەن، هەوڵدەدەین ورچەکان بگەڕێنینەوە هەتا دڵنیا ببینەوە لەوەی کە لەگەڵ سروشتی ئەم ناوچەیەدا دەگونجێن، یان ببرێنە باخچەی ئاژەڵان”، سەرهەنگ عەبدولڕەحمان وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک ئەوەی چەند پسپۆرێک قسەیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، جۆری ورچەکان تایبەتە و زەحمەتە بتوانن لەو ناوچەیە بژین کە لێی بەڕەڵا کراون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری