جارێ گفتوگۆ دەکەن

وەزیری ناوخۆ: پێویستمان بەهاوکاری دارایی و ئەمنی ئەمریکایە

ئەحمەد مستەفا

بێ چەند و چوون، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای کرد، هاوکاری دارایی و ئەمنی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، چونکە وەک خۆی وتی پێویستیان پێیەتی.

ئەو ئەمڕۆ لە هەولێر رۆژنامەنووسان لێدوانیان لێ وەرگرت و قسەی بۆ کرد، وە ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان لە نێوان شاندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی پێنتاگۆن لە هەولێر و ئەمریکا بەردەوامن، و بڕیاری کشانەوە لە هەرێمی کوردستان تائێستا نەدراوە.

رێبەر ئەحمەد لەبارەی بڕیاری بڕینی هاوکاری ئەمریکا بۆ هێزەکان وتی، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە بۆ بڕینی ئەو هاوکارییانە، هیوادارین هاوکارییە سەربازی، دارایی و کارگێڕییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام بن، چونکە هێشتا هەرێمی کوردستان زیاتر لە عێراق پێویستی بەو هاوکارییانە هەیە.

ئەم ئێوارەیە لە هەولێر 29.8.2026، رۆژنامەنووسان وەریزی ناوخۆیان بینی و قسەی بۆ کرد، ئەو لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا وتی، سەرەڕای پەیوەندییە باشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان جێگەی نیگەرانییە،

وە باسی لەوەکرد، پەیوەندییەکی بەردەوام و لەسەر هەموو ئاستەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە، لە ئاستی هەردوو سەرۆک وەزیران، وەزیرەکان و لیژنە هاوبەشەکان پەیوەندییەکی ئەمنیی باشمان هەیە، بەڵام وەک وتی، “ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکیانەن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان”.

رێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد، گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی هەرێمی کوردستان، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێدا، ئەو هێرشانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ناوچەکە هەیە.