ئەو بێ ویژدانییەی خوێناویترین جەنگی مێژووی راگرت
+964
ژووری هەواڵ
لە سەرەتاکانی ساڵی 1945 هاوپەیمانان لە هەموو ئاڕاستەکانەوە تەنگیان بە ئەڵمانیای نازی هەڵچنیبوو و هیتلەر و فەرماندە سەرسەختەکانی لە سەرەمەرگدا بوون و دوا هەناسەکانیان دەدا، هەمووان وایان دەزانی دوای خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیای نازی ئاگری خوێناویترین جەنگی مێژووی مرۆڤایەتی خامۆش دەبێت و بەرەو کۆتایی دەچێت، تا لە 2ی 5ی 1945 ئاڵای سوری یەکێتیی سۆڤیەت لەسەر رایشتاخی بەرلین هەڵکرا و دوای 5 رۆژ لەو رووداوە ئەڵمانیا خۆی بەدەستەوە دا و هاوپەیمانان دوا بزماریان لە تابووتی مەرگی دا.
ئیمپراتۆریەتە سەربازییەکەی ژاپۆن دوای بێهێزبوون و رووخانی ئەڵمانیای هاوپەیمانی، زیاتر لە جاران سەرسەختتر و دڕندانەتر بەردەوامبوون لە هێرشە خۆکوژییەکانیان، کامیکازییەکان دەیانوت (دەمرین بۆ ئیمپراتۆر ) رۆژانە لە زەریای هێمن بە خۆیان و فڕۆکەکانیانەوە خۆیان دەکێشا بە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانان چەند جارێک داوایان لە ژاپۆن کرد، کە چەک دابنێت و پەیماننامەی ئاشتی مۆر بکات، بەڵام ئیمپراتۆری ژاپۆن رەتی دەکردەوە و رۆژ بە رۆژ هێرشەکانی ژاپۆن زیاتر و زیاتر دەبوون بە رادەیەک ژمارەی قوربانی هاوپەیمانان لە نیوەی مانگی چوارەوە بۆ نیوەی مانگی پێنج زیاتر بوو لە قوربانیانی ساڵێک و نیوی جەنگی نێوانیان.
ئەمریکا لەو سەردەمە بە بودجەیەکی زەبەلاح خەریکی پڕۆژەی مانهاتن بوو، ئەو پرۆژەیە باشترین زاناکانی ئەمریکا کاریان تیادا دەکرد و هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئامادەکردنی چەکێکی کۆمەڵکوژی بێوێنە بوو کە پێشتر مرۆڤایەتی ئەزموونی شتێکی وای نەکردبوو، چەکێک کە لە چەند خولەکێکدا شارێکی گەورە لەسەر نەخشە بسڕێتەوە.
جەنگە سەختەکە بەردەوام بوو، فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئەمریکا پێشنیازی بەردەوامکردنی بۆمباران و داگیرکردنی خاکی ژاپۆنیان بۆ سەرۆکی ئەمریکا کرد ،لێیشیان نەشاردەوە کە ئەو کارە زیاتر لە ملیۆنێک سەرباز دەکاتە قوربانی، ترومان سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، نەیدەویست بەو شێوەیە جەنگ بەردەوام بێت، بۆیە بڕیارە سەختەکەی دا و داوای لە زانایانی پرۆژەی مانهاتن کرد، کە دوو بۆمبی ئەتۆمی ئامادە بکەن بۆ ئەوەی دژی ژاپۆن بەکاربێن بەو هیوایەی کۆتایی بە جەنگەکە بێت.
هەردوو بۆمبەکە ئامادەکران و لە 6ی ئابی 1945 دەرگەی جەهەنەم لە ئاسمانی شاری هیرۆشیما کرایەوە و بۆ یەکەمجار بۆمبی ئەتۆمی لە جەنگدا بەکار هات و بۆمبەکە زیاتر لە 126 هەزار کەسی لەناوبرد و زیاتر لە 90 هەزار کەسی دیکەشی بریندار کرد و %90ی شارەکەش لەناوچوو، ئەوەندە بەس نەبوو بۆ ئەوەی ژاپۆن چۆک بدات، سێ رۆژ دوای هیرۆشیما لە 9ی ئاب بۆمبێکی ئەتۆمی لە ئاسمانی ناگازاکی بەردرایەوە، هەر چەندە بۆمبە ئەتۆمییەکە زۆر لەوەی هیرۆشیما بەهێزتربوو بەڵام بەهۆی بوونی شاخ لە ناگازاکی کاریگەری کەمتربوو، لەگەڵ ئەوەش بووە هۆی مردنی دەیان هەزار کەس و لەناوچوونی بەشێکی گەورەی شارەکە.
ژاپۆنییەکان زانیان هیچ هیوایەک بۆ بەردەوامبوون و بردنەوەی جەنگەکە نەماوە، بۆیە 6 رۆژ دوای ئەو رووداوە ئیمپراتۆر هیرۆهیتۆ لە رادیۆی فەرمی ژاپۆن خۆبەدەستەوەدانی ئیمپراتۆرییەتەکەی راگەیاند و بەبێ مەرج چەکەکانیان دانا، بڕیاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی نەک هەر کۆتایی بە خوێناویترین جەنگی مێژوو هێنا، بەڵکو ئەمریکاشی کردە زلهێز و خاوەن بڕیاری هەموو جیهان.