شەپۆڵێکی بارانبارین زۆرینەی کوردستان دەگرێتەوە

+964

بەشی کوردی

بەهۆی کەوتنە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستان نمە بارانەو، پلەکانی گەرماش بەهۆی بارستەیەکی هەوای ساردەوە دادەبەزن و، پێشبینی دەکرێت لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان بەفریش ببارێت.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی کانونی یەکەم، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى رەوشێکى نا سەقامگیرى کەشوهەوا، کە تا سبەی چوارشەممەش بەردەوامى دەبێت.

لەم دوو رۆژەدا، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، هەروەها بەفر لەناوچە شاخاوییە سنووریەکان دەبارێت. پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە، بەجۆرێک پلەی گەرما لە هەولێر دادەبەزێت بۆ ١٦ پلەی سیلیزی، سلێمانی ١٥ پلە، دهۆک ١٥ پلە، کەرکوک ٢٠ پلە، هەڵەبجە ١٦ پلە، زاخۆ ١٦ پلە، سۆران ١٣ پلە، گەرمیان ٢٠ پلە.

خێرایى با، لەم دوو رۆژەدا لەسەرەخۆو مامناوەند دەبێت، بەجۆرێک خێراییەکەی لەنێوان ٢٠ تاوەکو ٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دایە، هاوکات مەودای بینین لەنێوان حەوت بۆ نۆ کیلۆمەترە، بەڵام لەو شوێنانەی باران دەبارێت دادەبەزێت بۆ پێنج تاوەکو شەش کیلۆمەتر.