پزیشکێک ڤاکسین لە چارەخوازێک دەدات _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
لە سامەڕا
دوو پڕۆژە بۆ بەرهەمهێنانی ئینسولین و ڤاکسینی مرۆیی جێبەجێ دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
کۆمپانیای گشتی پیشەسازی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە سامەڕا، ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی ستراتیژی دەکات بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئینسولین و ڤاکسینی مرۆیی بە هاوکاری کەرتی تایبەت.
عەبدولحەمید عەبدولڕەحمان سالم، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت گەیشتوونەتە قۆناغە کۆتاییەکان، بۆ واژۆکردنی گرێبەستی هاوبەشی.
بەپێی قسەکانی، ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی پلانی کۆمپانیاکەدان بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا، پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنان و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ.
سالم، ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق لە ئێستادا زیاتر گرنگی بە ناوخۆییکردنی بەرهەمهێنانی دەرمانی کۆتایی دەدات، لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوردەکردنی ماددە سەرەتاییەکان.
ئەوەشی وتووە، بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە ئێستا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ بەکاردەهێنرێن و هێشتا ناگەنە بازاڕەکانی دەرەوە.